بیرەوەری


منداڵ بووم بە زۆر ئەمتوانی نوێڵ هەڵگرم.

ڕەنگە نەزانن نوێڵ چیە! نوێڵ کەرەستەیەکە لە ئاسنی پتەو بۆ ئەوەی بەردی پی بشکێنی و یا بیتلێنی هەروەها فارسیەکەی دەبێتە "اهرم".

زەویەکمان هەیە لە دەمی ڕووبارێکە کە جاران ئەوەی بۆ منیان گێڕاوەتەوە پەنجا شەست ساڵ پێش هەموو کاتەکان و وەرزەکان ئاوی بووە بەڵام ئێستا تەنیا سەرەتای بەهار بەفراوێکی هەیە و ئەویش تەواو بووە دیارە حکومەت بە لێدانی زنجیرە بەربەست لە سەر ڕێگای ڕووبارەکە، ئەو ڕووبارە وشکی کردوە ئەمە لە حاڵێکدا بوو کە زەمانی پێش ئەم حکومەتە زەووی دێم لە ئاوایی ئێمە زۆر کەم بوو بەڵام ئێستا بە گشتی پشتی جادە بووە بە دێم و خەڵک مەجبوورن بۆ دەرهێنانی ئاو چا لێبەن و ئاو لە دڵی عەرزەوە بێننە سەر بۆ کشت و کاڵ. دیارە ئەم کێشەیە ئەمڕۆکه یەکێک لە کێشەکانی مەریوان و گوندەکانی دەورو پشتیەتی.
بەهەرحاڵ بچینەوە سەر باسی نوێڵەکە و زەویەکە، ئەم زەوویەی ئێمە لەو کاتەدا کە شەڕ هەبوو لە نزیکی پایەگایەک بوو کە حکومەت درووستی کردبوو و دیارە بەو بۆنەوە بەشێکی زۆری ئەو زەویە کەوتبووە ژێر کاریگەری ئەو شەڕە و هەروەها ڕووبارەکەش بە هانینی بەردی گەورە بۆ ناو زەویەکە زۆر کێشەی درووست کردبوو و بەشێک زۆر لە زەوویەکە چیتر بە کەڵکی کشت و کاڵ نەدەهات بۆیە باوکم کەوتە تەمیس کردن و خاوێن کردنەوەی زەویەکە.

بەردێکی زۆر گەورە کە لە ناوچەی مەریوان بەو چەشنه بەردگەلە ئێژن " گابەرد" لە چەقی زەویەکە بوو و ببوە کێشە بۆمان. شەوێک کە لە ماڵا خەریک بووین بەرنامەمان بۆ سبەی دادەرشت باوکم وتی سبەی نوێڵەکە و پیکەکە بێنە بۆ ئەو دەشتە با ئەو گابەردە چارەسەر بکەین. وتمان باشە.

ڕۆژی کردەوە و من ، دایکم و باوکم و براکەم ڕۆشتین بۆ ئەو دەشتە و گەلەکۆمەیەکمان کرد لە گابەردەکە و ئەو گابەردەش بە تەواوی هێزەوە باوەشی کردبوو بە عەرزەکەدا و بە هیچ جۆرێک نەدەجووڵا. ئاوا بێژم دوای یەک سەعات لێدان و کەنەوە کردن تۆ بێژە بچووکترین تەکانی نەخواردبوو.

گابەردی چی وا باوەشی کردبوە عەرزەکەدا کەس نەزانێت دەمانەوێت گۆی زەوی لێ بسێنین. هەر چێک هاوارمان ئەکرد باوە بەس دوو میتر بچۆ ئەولاتر ئەیوت ئیلا و بیلا ناچم. ئێرا عەرزی خۆمە و چەن ساڵە لێرا دانیشتووم و کەس بۆی نیە بمجووڵێنێت.
بە پیک ئەماندا سەریا خۆ هەر ئێژی لەگەڵ ئەویشمان نەبوو.
خۆلاسەی کەلام چاییمان بە لایەوە دەم کرد.
خەریک چایی خواردن بووین باوکیشم بە ناوچاوێکی ترشاوەوە سەیری بەردەکەی کرد و بەردەکەش هەر حیسابی بۆ باوکم نەدەکرد منیش لە پڕێکا وتم باوە بەخوا ناجووڵێت و نایەوێت بڕوات.
باوکم وتی ڕۆڵەگیان بەرد تا ئەو کاتەی قوورسە کە لەسەر جێگای خۆی نەجووڵابێت. هەر ئەونە تەکانی خوارد گیانی کێشراوە.
بەردەکە بە لاچاوێکەوە سەیری باوکمی کرد وەکو بێژیت ئەیوت ئاها چەنێک دێزن و وازم لێناهێنن بۆ خۆم لە سەر ژیانی خۆم بژیم.
چاییەکەمان خوارد و نان و دۆیەکیشمان خوارد و هەستاینەوە بۆ ئیش لەسەر بەردە حەیاتەکە. ڕەنگە ئەوانەی کە کاری دەشت و کەشاوەرزی و شتیان کردبێت بزانن خۆ بیس ساڵ لەمەوبەر کەس نانی قڵەوی لە دەشت و شتا ساز نەئەکرد. خۆشترین خواردنمان کاتێک بوو کە باینجان پێدەگەشت و سوور دەبوو جا خەیار و باینجان و دۆ نانی نیوەڕۆمان بوو.

باوکم وتی:
ئا ڕۆڵە بچۆ پارچ و خاکەنازەکە بێنە.
وتم باوە ئەی بەردەکە؟
وتی تۆ بچۆ جا پێت ئێژم.

ڕۆشتم و هێنام و باوکم دەستی کرد بە کەندنی بەردەم گابەرد بەرەو ئەو جێگایەی کە دەیویست. زۆرێکی کەند. بە حەدێکی کەند کە ئەگەر من بچوومایەتە ناوی گووم ئەبووم.
ئێستا ژێر پێ گابەرد چاڵێک بوو لێژ کە مامە گابەرد بە بچووکترین تەکان ئەچووە ئەو جێگایەی باوکم دەیویست.
باوکم نوێڵەکەی هەڵگرد و چوە پشتی گابەرد و بە سێ بۆ چوار تەکان بە بێ ئەوەی گابەرد بشکێنێت گابەردی تلاند و گابەرد ڕۆشت بەرەو ئەو جێگایەی باوکم ویستی.
خۆلاسە گابەردمان گوێزاوە بۆ ئەو جێگایەی ئەمانویست ئاخر ئەویا هی ئێمە بوو و هی گابەرد نەبوو. گابەرد کەوتە چاڵەکە و ئێمەش هەرچێک خۆڵمان دەرهێنابوو کردمانەوە سەر جێگای خۆی و عەرزەکە وەکو خۆی لێ هاتەوە و گابەردیش نیوە زیاتری چووە ناو عەرز و کەمێکیشی لە دەرەوە مابوو ئێمەش جار جارێک لەسەری دادەنیشتین و فۆتۆیەکمان لەسەری ئەکێشا.
سەیر لەوا بوو یەک ساڵ پێش ئەوەی بێمە دەرەوەی وڵات ڕۆژێکیان ڕۆشتم بۆ سەردانی دەشت و دەر و بزانم وەزع چۆنە.
تەبێعەتەن ڕۆشتم بۆ لای گابەرد و سەیری سنوورەکانی زەویەکەمانم کرد وتم بە باوکم لەبیرتە ئەم گابەردەمان گوێزاوە بۆ ئێرا ئەزانی زۆر کارێکی باشمان کرد. باوکم وتی ئەرێوەڵا زۆر باش بوو ئێستا بەهاران کە لافاو و شتی وا دێت ئەم گابەردە لێرا وەسە دیوار (تۆ ناوی بنێ سنوور پارێز) و چیتر لافاو نایەتە ناو عەرزەکەی ئێمە.
سەیری گابەردیشم کرد قنج و قیتتر لە جاران بۆ خۆی دانیشتبوو و ئەڵێ هەر ئەویش نەبوو کە جێگاکەیمان لێ داگیرکرد. هەر ئەو نەبوو کە دونیات لێ کۆکردایەتۆ تەکانی نەدەخوارد.
ئەو پێش ئەوە بیگوێزینەوە بۆ ئەویا لە بەرزیدا بەسەری ئەبرد بە سەر ئێمەدا بەڵام ئێمە جێگاکەیمان بە حەدێک نزمکردەوە کە ئەمجارە ئێمە لەسەر ئەو دادەنیشتین. ئەو لە ژیانێک پەستیدا بەسەری دەبرد بەڵام لای ئێمە خۆشەویست بووبوو چیتر ئەو گابەردە موزاحمەکەی پێشتر نەبوو ئەو سنوورپارێز بوو ئەو مێوان نەواز بوو ئەو چیتر گابەردە موزاحمەکە نەبوو کە تێخەی گانسی تراکتۆرەکانی دەشکاند.

نظرات

پست‌های معروف از این وبلاگ